سەرەتا ئینفۆگرافیک

نوێترینەکان

گۆڕانی ئاووهەوا و مافەکانی مرۆڤ

گۆڕانی ئاووهەوا بەو شێوەیەی ئێستا بەرباس دەدرێت و لێی دەکۆڵرێتەوە، جیاوازە لەوانی پێشوو. سەرباری سەختییەکەی، ئەم گۆڕانەی ئێستا بەوەدا دەناسرێتەوە کە زیاتر مرۆڤکردە، واتە بەهۆی خواست و پلانەکانی مرۆڤەوە دروست بووە. هەندێک توێژەر چاخی ئێستا بە چاخێکی مرۆڤسەنتەر ناو دەبەن، بەو مانایەی مرۆڤ لەسەر حسابی هەموو بوونەوەرانی تر، خۆی کردووە بە چەقی ژیان لەسەر هەسارەکە. 
کاریگەرییەکانی ئەم گۆڕانە فرەلایەن و فرەڕەهەندن. ساڵانە دەیان جۆر زیندەوەر قڕیان تێ دەکەوێت و ڕووداوی سەختی سروشتی دەقەومێت. هەڵبەت کاریگەرییشیان لەسەر مافەکانی مرۆڤ زۆرە، لەوانەش مافی ژیان، سەلامەتیی جەستەیی، ژینگەی پاک، هەبوونی نشینگە، بەشداریی سیاسی، سەقامگیریی ئابووری و دەروونی و ... هتد.  
تەنانەت هەندێک لە توێژەران باسی نەمانی دەوڵەتانیش دەکەن، بەدیاریکراوی دەوڵەتانی دوورگە بچکۆلەکان، کە بەهۆی گەرمبوونی زەوی و توانەوەی بەستەڵەکەکان و هەڵکشانی ئاوی زەریاکانەوە، لەوانەیە نوقم ببن. تا ٢٠٢٢ نزیکەی هەشت سەد هەزار کەس تەنیا بەهۆی کارەساتی سەختی سروشتییەوە، مردوون، تێکڕاش زیاتر لە چوار ترلیۆن دۆلار زیانیان داوە. کۆڕبەندی جیهانیی ئابووری، کەشوهەوای سەختی وەک دووەم گەورەترین مەترسی ئابووری لە ٢٠٢٥دا، دیاری کردووە. 
لە وەها سیناریۆ و داهاتوویەکدا، عێراق و هەرێمی کوردستانیش پارێزراو نابن. بە وتەی ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ، تا ٢٠٢١ زیاتر لە ٢٠ هەزار کەس بەهۆی ئاووهەواو و کەمئاوییەوە کۆچیان کردووە؛ ژمارەیەکی بەرچاوی خەڵکیش جگە لە کۆچکردن، ناچار بوون بە دوای کاردا بگەڕێن. لە ٢٠١٨دا بەهۆی کەمئاوی و پیسبوونی ئاوەوە، زیاتر لە ١٢٠ هەزار کەس لە بەسرە نەخۆش کەوتن. بەپێی ڕیزبەندییەکی نەتەوە یەکگرتووەکان، عێراق پێنجەم دەوڵەتە لە ڕووی کاریگەرییە خراپەکانی گۆڕانی ئاووهەواوە.  
کەمئاوی، گەرمای بەتین و بەبیابانبوون هەڕەشە لە ٩٢٪ی خاکی کشتوکاڵیی عێراق دەکەن. 
لە ٢٠٢٣ دا، عێراق کەمبوونەوەی هەشت بەرهەمی سەرەکی خۆی لە کۆی دە دانە ڕاگەیاند، لەوانەش سەوزە و پاقلەمەنییەکان. لە ٢٠٢٤ ئاستی بەرهەم زۆر دابەزی، بە جۆرێک ٦٠٪ی جووتیاران بەهۆی وشکەساڵییەوە، بەرهەمیان لە ساڵانی پێشوو کەمتر بوو. 
 ئەوەش واتە خراپیی ئاسایشی خۆراک و خراپیی ئاستی گوزەران، کە دیسانەوە کۆڵەکەی چەندان مافی مرۆڤن. 
 کەمبوونەوەی ئاو، خراپیی خۆراک، بەفیڕۆدان و سووتاندنی گاز و نەوت، خراپبوونی خاک، بەبیابانبوون، کەمبوونەوەی کشتوکاڵ و سەوزایی و هەڵاوسانی شارەکان لە دیارترین کێشە ژینگەییەکانن، کە دەبێت حکومەت هەرچی زووە پلانی چارەسەرکردنیان دابنێت و جێبەجێ بکات. چونکە هەموو ئەوانە تەنیا کێشەی ژینگەیی نین، بەڵکو کێشەی مافەکانی مرۆڤیشن.