سەرەتادەربارەبنەما ئاکارییەکان

بنەما ئاکارییەکان

بنەما ئاکارییەکانى ناوەندى کوردستان بۆ یاساى نێودەوڵەتیی:

 
مەبەست لە بنەما ئاکارییەکان، ڕوونکردنەوەی هەندێ ڕێنوێنییە تایبەت بە ئەندامانی ناوەندی کوردستان بۆ یاسای نێودەوڵەتیی، بەمەبەستی دیاریکردنی پابەندییە ئەخلاقییەکان لە چوارچێوەی ئەرکەکانیاندا. ئەم بنەمایە هێزێکی یاسایی نییە، بەڵام بە شێوازێک بۆ کارمەندانی ناوەندەکە دیاریکراوە کە هاوکار بێت لە باشتر تێگەیشتن لە پابەندبوونەکانیان بە کردەوە و ڕەفتارەکانیان بە پێی گونجاندنی لەگەڵ بنەماکانی ناوەندی کوردستان بۆ یاسای نێودەوڵەتیی.
ئەم بنەما ئاکاریانە، ڕێنوێنییەکە بە شێوەی بەرپرسیاریەتییەکى ڕوون و شەفاف بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هەر یەک لە کۆمەڵگە و بەخشەر و هاوبەش و بەشداربووانی چالاکییەکانى ناوەند.

هەمەجۆریی:
●پەرەپێدانی ژینگەیەکی گشتگیر بۆ سەرجەم گروپە هەمەجۆرەکان لە هەرێمی کوردستان.
●ڕەخساندنی دەرفەت و مەودای زیاتر بە کەمایەتییەکان و سەرجەم ئەو پێکهاتانەی بەم دواییانە رووبەڕووی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ بوونەتەوە.
●ڕێزگرتن لە هێما نەتەوەیی و ئایینی و نەژادیی و ڕەگەزییەکانی سەرجەم کۆمەڵە و پێکهاتە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان.
●خۆ بەدوورگرتن لە دەربڕینی هێرشبەرانە بەرامبەر بە کەمایەتیی و گرووپە جیاوازەکانی کۆمەڵگە.
 
پابەندی بە یاسای نێودەوڵەتیی:
●هەوڵدان بۆ یەکخستنی ئامانج و پەیامی ناوەند لەگەڵ پێوەرەکانی یاسای نێودەوڵەتیی.
●ڕێزگرتن لەسەرجەم پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ و یاسای مرۆیی نێودەوڵەتیی و یاسای تاوانی نێودەوڵەتیی.

ئەرکە ئەکادیمییەکان:
●بەرەوپێشبردنی بابەتی توێژینەوەکان و زانیاریی و تێگەیشتن و ڕاستگۆیی لە فێربوون و فێرکردن و توێژینەوەکاندا.
●ڕێزگرتن لە بنەما یاساییە ڕەواکانی پەیوەست بە توێژینەوە و بڵاوکردنەوە، بەتایبەتی لە بابەتی مافی لەبەرگرتنەوە و مافی خاوەندارێتی ڕۆشنبیری لایەنی سێیەم و مەرجەکان بۆ ڕێکخستنی دەستگەیشتن بە سەرچاوەکانی توێژینەوە و یاساکانی ناوزڕاندن.
●دەرئەنجامی توێژینەوەکان بەردەست بێت بە شێوازێکی فراوان و دەست گەیشتن پێیان بێ بەرامبەر بێت.

بەرپرسیارێتی:
●گەشەپێدانی خودیی و بە کارهێنانی لە خزمەتی کەسانی دیکە، هەروەها ڕاگرتنی هاوسەنگی لە نێوان تاکەکەس و کۆمەڵدا، جەختکردنەوە لەگەیشتن بە ئاستێکی بەرزتر و فراوانتر بۆ بەرژەوەندی گشتیی.
●ئەنجامدانی چالاکی لە پێناوی ئەوانی دیکە، جا بۆ کۆمەڵێک بێت یاخود چینێکی دیاریکراو.
●نابێت بە هیچ شێوەیەک موڵکی گشتیی لە هەر بارودۆخێک بێت بۆ مەبەستی تایبەت بەکاربهێنرێن.
●پێویستە سەرجەم موڵکە گشتییەکان بەوپەڕی جدێتی و متمانەوە مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت.
●نیشاندانی هەڵوێستی بەرپرسیارانە و گرنگ بەرامبەر بە ژینگە لە سەرجەم چالاکییەکدا.

هاریکاری لە دەرەوەی سنوورەکان:
●ئامادەباشی هەبێت بۆ کارکردن لە دەرەوەی سنوورەکانی سیاسەت و ئایین و کەلتوور و ڕەگەز و نەتەوە، هەمانگ بێت لەگەڵ سەرجەم ئەو ڕێکخراو و لایەنانەی کە بەها و ئامانجی هاوبەشیان لەگەل ناوەند هەیە.

شکۆمەندی و مافەکانی مرۆڤ:
●پێشێل نەکردنی ئەو مافە بنەڕەتییانەی کە بە مرۆڤەکان بەخشراوە، ئەمەش بە گوێرەی پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ.
●دانپێدانان بەوەی سەرجەم مرۆڤەکان بە ئازادی لەدایک دەبن و یەکسانن لە شکۆمەندیی و مافدا.
●هەستیاری بەرامبەر پێوەر و بنەما ئەخلاقیی و ئایینی و نەریتی و باوەڕ و کەلتوورییەکانی کۆمەڵگە.
●ڕێزگرتن لە هەمە چەشنێتیی ئازادییەکان.

شەفافیەت و بەرپرسیارێتی:
●هەوڵدان بۆ کراوەیی و ڕاستگۆیی لە ناوخۆی ناوەند، هەروەها لەگەڵ بەخشەر و تاکەکانیشدا.
●هەبوونی شەفافیەت لە سەرجەم مامەڵەکان لەگەڵ حکومەت و تاکەکان و بەخشەرەکان و هاوبەشەکان و سوودمەندەکان و لایەنەکانی دیکە (جگە لە هەندێک کاروباری کەسی و زانیاری خاوەندارێتی کە پێویستە بپارێزرێت).
●زانیارییە داراییە بنەڕەتیەکان و پێکهاتەی ڕێکخراو و چالاکییەکان و هاوبەشەکان سەرجەمییان بەردەستن بۆ هەر وردبینییەک.
●هەوڵدانی ڕێکخراو بۆ ڕوونکردنەوەی میکانیزمی کاروچالاکییەکان بۆ ڕای گشتیی.
●بەرپرسیارێتی لە ڕوونکردنەوەى ڕێکار و بڕیارەکان، نەک بە تەنها بۆ بەخشەر و دەزگا فەڕمییەکان، بەڵکو بۆ ئەو کەسانەی کارییان لەگەڵ دەکرێت، لەوانە ستاف و ئەندامان و هاوبەشەکان و کەسانی دیکە بەشێوەیەکی گشتیی.

ڕاستیی و یاسایی:
●بەشداری نەکردن لە هیچ چالاکییەک کە نایاسایی بێت بە پێی ئەو یاسایانەی لە ووڵاتدا کارییان پێ دەکرێت.
●بە توندی دژایەتیکردنى بەشداریکردن لە هەریەک لە بابەتەکانی گەندەڵی و بەرتیل و ساختەکاریی و ناڕەوایی دارایی و هەر کارێکی نایاسایی دیکە.
●جێبەجێکردنی هەموو پابەندبوونە یاساییەکان و پێوەرەکانی کۆمەڵگە و هەریەک لە پێوەرەکانی ژینگەی کارکردن بە گوێرەی ئەو ووڵاتەی کاری تێدا دەکرێت .
●گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست و خێرا لە کاتی هەبوونی هەر سەرپێچی و لێکتێنەگەیشتنێک لە لایەن کارمەندان و ئەندامان و خۆبەخشان و گرێبەست و هاوبەشەکانەوە.

بێلایەنیی:
●نابێت بەشێک لە لایەنێکی حکومی یان دەزگایەکی نێودەوڵەتیی بێت، یاخود لە لایەنێکی هاوشێوەوە کۆنترۆڵ بکرێت.
●ناوەند بە بێلایەنی وسەربەخۆیی دەمێنێتەوە. سەرەڕایی هەبوونی هۆکاری هاوبەشی سیاسی و یاسایی لە چوارچێوەی ئەرکەکەیدا، بەڵام پێویستە چالاکی سیاسیی و یاسادانان تەنها لە سنووری ئەرک و ئامانجی ڕێکخراوەکە بێت.
●کارمەندان بەردەوام دەبن لە بەرجەستەکردنی مافە سیاسی و ئاینییەکانیان، بە مەرجێک کاریگەری لەسەر شێوازی کار و بێ لایەنی ناوەند دروست نەکات.

پێکدادانى بەرژەوەندیی و خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات:
●هەر بڕیارێک سەبارەت بە کڕین و گرێبەستەکان و هاوبەشییەکان و هەڵبژاردنی کارمەندان دەبێت بە ڕەچاوکردنی بەرژەوەندیی و ستراتیژیی ناوەند وەربگیرێت. لە ئەنجامدا پێویستە لەسەر بنەمای هەڵسەنگاندنێکی بەهێز بێت، نەوەک بەرژەوەندییە کەسییەکان جا بە ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ بێت.
●دوورکەوتنەوە لە بەکارهێنانی پێگە و ناوبانگ و چالاکییەکانی ناوەند لە کاتی ئەرکدا بۆ بەرژەوەندی تایبەتی و کەسیی.

هەراسانکردنی سێکسیی:
●دوورکەوتنەوە لە بەرجەستەکردنی بەکارهێنان و کڕینی خزمەتگوزارییە سێکسییەکان.
●خۆبەدورگرتن لەسەرجەم پەیوەندییە سێکسییەکان لە بەرامبەر پارە و هەلی کار و کاڵا و خزمەتگوزاریی یان هەر پاداشتێکی دیکە.
●قەدەغەکردنی هەموو پەیوەندییەکی سێکسیی و هەر کردەوەیەکی دیکەی دەستدرێژی سێکسی لەگەڵ کەسانی خوار تەمەنی ١٨ساڵ.
●خۆ بەدوورگرتن لە بەکارهێنانی توانجى سێکسیی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لەگەڵ کەسانی هەمەجۆری ڕەگەزیی.
●ڕێزگرتن لە تایبەتمەندیی ئارەزووی سێکسی و ناسنامەی ڕەگەزیی و دەربڕینی ڕەگەزیی و تایبەتمەندییە سێکسییەکان.