سەرەتا ئینفۆگرافیک

نوێترینەکان

بەکاڵاکردنی مرۆڤ لە ڕێی بازرگانییەوە

یەکێک لەو تاوانانەی لەم سەردەمەدا ئەنجامدانی ئاسانتر بووە، بازرگانیکردنە بە مرۆڤەوە، کە شێوەیەکە لە کۆیلایەتیی مۆدێرن. بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە، لەمرۆڤخستنە، بەکاڵاکردنی مرۆڤ و دابەزاندنییەتی بۆ ئاستی کاڵا. مرۆڤ بە ئازادیی بڕیاردان و توانای هەڵبژاردندا دەناسرێتەوە، کە لە کاتی بازرگانیکردن پێوەیدا وەها ویست و ڕایەکی ئازاد سفر دەبنەوە. مرۆڤ لە خەسڵەتە مرۆییەکانی دادەماڵرێت. 
جڤاتی نێودەوڵەتی کەم تا زۆر لە مەترسییەکانی وەها کار و بازرگانییەک تێدەگەن، بۆیە لە زیاد لە پەیماننامەیەکدا، قەدەغە کراوە و هەوڵی بنبڕکردنی دراوە. لەوانەش پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تاوانی ڕێکخراوی سنووربڕ لە ساڵی ٢٠٠٠. سەرباری هەوڵەکانیش، ساڵانە نزیکەی ٣٠ ملیۆن کەس لە جیهاندا بازرگانییان پێوە دەکرێت، کە ٧٠٪یان ژنی پێگەشتوو و کیژۆڵەن. 
 دەکرێت بێبەشبوون لە مافەکان، بەتایبەت مافە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان یارمەتیدەر بن لە ڕەخساندنی ژینگەیەکدا کە تێیدا مرۆڤ بکەوێتە بەر هەڕەشەی وەها چارەنووسێک. جیاکاری و هەژاری، توندوتیژیی جێندەری و نەژادی، لە زەقترین هۆکارەکانن بۆ کەمبوونەوەی بژارەکانی مرۆڤ. ژنان و کچان قوربانیی سەرەکیی بازرگانیکردنن، هەم بۆ بێگاری و هەمیش بۆ مەرامی سێکسی بەکار دەهێنرێن. بۆیە لە پەیماننامەکانی مافی مرۆڤدا بەگشتی، بایەخێکی تایبەت بەو دوو توێژە دراوە. 
بەپێی ڕێکخراوەی نێودەوڵەتیی کۆچ، کۆیلایەتیی مۆدێرن لە عێراق کاریگەریی بۆ سەر ٢٢١،٠٠٠ کەس هەیە. ئەوانەش زۆربەیان دەچن و دەبرێنە تورکیا و ئێران بۆ کارکردن. بەشێکیان زانیاریی هەڵەیان دەدرێتێ، ئەوەش ئەگەری بەکارهێنانیان زیاتر دەکات. بەپێی ڕاپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکاش، هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێم وەک پێویست خاوەنی پلان و ویست و ڕێکار نین لە ڕووبەڕووبوونەوەی وەها دیاردەیەکدا. هەندێک لە قوربانییان وەک تۆمەتبار مامەڵەیان لەگەل  دەکرێت، لەوانەش تۆمەتی لەشفرۆشی و کۆچی نایاسایی. 
 جگە لەوەش، لە یاساکەی ساڵی ٢٠١٢دا هەندێک کەم و کورتی هەن، لەوانەش بەکارهێنانی منداڵ بۆ مەرامی سێکسی، کە دەبێت هەبوونی زۆرلێکردن بسەلمێنرێت تا ببێتە تاوان. هەرێمی کوردستانیش ڕێنمایی پێویستی بۆ جێبەجێکردنی یاساکەی عێراق، دەرنەکردووە. لە بەرامبەر ٢١٢ دۆسیەی بازرگانیکردن بۆ سێکس و ١٤٩٦ دۆسیەی بێگاریدا لە عێراق، لە هەرێمی کوردستان ١٢ دۆسیەی بازرگانیکردن بۆ سێکس و ٤ دۆسیەی بێگاری تۆمار کراون. واتە هەم یاساکە هەمواری پێویستە، هەمیش پێویستە دەزگا پەیوەندیدارەکان چڕتر و خێراتر بکرێنەوە.