سەرەتا چالاکییەکان

خولێکی ڕاهێنانی ناوەندی کوردستان بۆ یاسای تاوانی نێودەوڵەتی بۆ کۆمەڵێک پسپۆڕی یاسایی هەرێمی کوردستان لە هۆڵندا-لاهای بە سەرکەوتووی کۆتایی هات

ناوەندی کوردستان بۆ یاسایی نێودەوڵەتیی بە هەماھەنگی ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی IFA و وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا، خولێکی ڕاهێنانی پێنج ڕۆژەی بەهەماهەنگی لەگەڵ کۆمەڵەی پارێزەرانی بەرگری ڕێکخست، کە تەواوی بابەتەکانی پەیوەست بە ڕاهێنانەکە سەبارەت بە "میکانیزمی دادپەروەری تاوانکاری نێودەوڵەتی" بوو. ڕاهێنانەکە لە ڕێکەوتی ٢٨ی ئاب تاکو ١ی ئەیلوولی ٢٠٢٣ خایاند و تێیدا ١٠ بەشداربوو کە پێک هاتبوون لە (دادوەر و داواکاری گشتیی، ڕاوێژکاری پەرلەمانی کوردستان، مامۆستای زانکۆ، پارێزەر).  خولەکە لە دادگای جێنشینی دادگاكانی تایبەت بە تاوانە نێودەوڵەتییەكان لەشاری لاهای لە هۆڵندا بەڕێوەچوو.

لەدەستپێکی ڕۆژی یەکەمی ڕاهێنانەکەدا ماری ئۆلیری، لە نووسینگەی کۆمەڵەی پارێزەرانی بەرگریی ڕوانینێکی گشتگیری خستەڕوو لەسەر پڕۆگرامی خولی ڕاهێنانەکە و ناساندنی دامەزراوەکەیان، پاشان باسی لە میکانیزمەکانی بەڕێوەچوونی دادگایی دادپەروەرانەى بۆ بەشداربوان کرد، هاوکات ئاماژەی بەوەدا کەچۆن دادوەران و پارێزەرانی کۆمەڵەکەیان ڕۆڵیان بینیوە لە دادگا نێودەوڵەتیەکاندا، بەتایبەت لە دادگای جێنشینی دادگاكانی تایبەت بە تاوانە نێودەوڵەتییەكان. پاشان بەشداربوانی خولی ڕاهێنانەکە ئەزموونەکانی خۆیان خستەڕوو لەمەڕ پرسی بە ناوخۆیکردنی یاسا نێودەوڵەتیەکان لەهەرێمی کوردستان، ئاستنەگ و ڕێگریەکانی بەردەم ئەم پرسە شیمانەکران.

لەدرێژەی ڕاهێنانەکانی پەیوەست بە ڕۆژی یەکەم، دادوەر پڕۆفیسۆر مارگریت دیگوزمان لە لە دادگای جێنشینی دادگاكانی تایبەت بە تاوانە نێودەوڵەتییەكان بابەتێکی بە ناونیشانی تێڕوانینێکی گشتی لەسەر ئێستای دادگاکان و بارودۆخە هەنوکەیەکانی یاسای تاوانی نێودەوڵەتیی خستەڕوو. لەدرێژەی هەمان ڕۆژدا پارێزەری بەرگریکار سارا بافادێل، لەمیانەی خستنەڕووی بابەتەکەیدا زانیاری پڕبایەخی خستەڕوو سەبارەت بە دەسەڵاتی دەپەروەری گەردوونیی و پرۆسەی بەناوخۆیکردنی یاسای تاوانى نێودەوڵەتیی و میکانیزمەکانی تەواوکاری بۆ یاسا نێودەوڵەتیاکان خستەبەرباس. پاشان بەشداربوان بە خستنەڕووی سەرنج و تێبینیەکانیان و سازدانی گفتووگۆیەکی بەرهەمدار کۆتایان بە ڕۆژی یەکەمی خولی ڕاهێنانەکە هێنا.

دەستپێکی ڕۆژی دووەمی ڕاهێنانەکە بایەخداربوو بۆ بەشداربوان بەو پێیەی کە سەردانێکی مەیدانیان ئەنجامدا بۆ بارەگای دادگای جێنشینی دادگاكانی تایبەت بە تاوانە نێودەوڵەتییەكان. لەمیانەی بەڕێوەچوونی پرۆگرامی ڕاهێنانی پەیوەست بەڕۆژی دووەم، مایکل هێرز لە نووسینگەی ڕاوێژکاری گشتی بۆ بەرگری لە دادگای تاوانی نێودەوڵەتیی، بابەتێکی پێشکەشکرد سەبارەت بە ڕێوشوێنەکانی پەیوەست بە بەراوردکاری لە یاسای تاوانی نێودەوڵەتیدا.  ئامانج لە خستنەڕووی ئەم بابەتە ئاشناکردنی بەشداربوان بوو بە شیکاری ڕێوشوێنە بەراوردکاریەکان لەناو یاسای تاوانی نێودەوڵەتی کە چۆن سیستەمی یاساییە جیاوازەکان مامەڵە لەگەڵ پرسەکانی وەک ڕادەستکردنەوە، لێپێچینەوە لە تاوانەکانی جەنگ، جینۆساید و تاوانە نێودەوڵەتییەکانی تر دەکەن. هاوکات بەشداربوان ئاشناکران بەوەی کس چۆن بتوانن شیکاری دروست بکەن بۆ بەراوردکاری لەنێوان یاسا نێوخۆیەکان و یاسای تاوانی نێودەوڵەتی لە لێپێچینەوە لەو تاوانانەی کە سروشتی تاوانی نێودەوڵەتیان هەیە. لەکۆتای ڕۆژی دووەمدا، پارێزەر و داواکاری گشتی لە داداگای تاوانی نێودەوڵەتی،  پوبودو ساچیتاناندان، بابەتێکی چڕوپڕی پێشکەشکرد لەسەر دەستپێک بۆ لێپێچینەوە لە تاوانبارانی تاوانی نێودەوڵەتیی، بونیادێک بۆ دروستکردنی کەیس و تۆمەتبارکردن تاوانبار بەگوێرەی پرەنسبە بەرکارەکانی داداگای تاوانی نێودەوڵەتیی. خستنەڕووی ئەم بابەتە دەرفەتێکی بەسود بوو بۆ بەشداربوانی خولەکە، تاکو بە چڕوپڕی تێبگەن لە میکانیزمەکانی بونیادنانی کەیس و ڕەچاوکردنی میکانیزمە نێودەوڵەتیاکان لە میانەی پرۆسەی دادبینیدا. 

دەستپێکی ڕۆژی سێیەم، بەشداربوان سەردانی دادگاى تایبەت بە تاوانى نێودەوڵەتی کۆسۆڤیان کرد لە لاهای. لەمیانەی ئەم سەردانەدا، بەشداربوان دەرفەتی ئەوەیان پێبەخشرا تاکو  لەگەڵ لایەنەکانی بەرپرسیار لە دادگاکە کۆ ببنەوە. کۆتایی ڕۆژی سێیەمیش، کریستوفر لێنتز لە زانکۆی شیکاگۆ بەشی یاسا، بابەتێکی بەناونیشانی قبوڵکردنی بەڵگە لە دۆسیە تاوانکارییە نێودەوڵەتییەکاندا خستەبەرباس، ئەوەی شایەنی باسە ئەم بابەتە بۆ بەشداربوان بابەتێکی پڕبایەخ بوو، بەو پێیەی کردنەوەی دەلاقەیەکی نوێ بوو لەمەڕ پرسی چیەتی بەڵگە و چۆنێتی قبوڵکردنی لەچوارچێوەی یاسای تاوانی نێودەوڵەتیدا.

دەستپێکی ڕۆژی چوارەم، سەردانیکردنی بەشداربوانی خولی ڕاهێنانەکە بوو بۆ دادگای تاوانی نێودەوڵەتیی و بەسەرکردنەوەی بەشەکانی ئەم دادگایە. پاش نیوەڕۆی هەمان ڕۆژیش تاقیکردنەوەیەکی ئەزموونی بۆ بەشداربوان ڕێکخرا. لەسەر کۆمەڵێک کەیس تایبەتمەند لەلایەن بێتی هۆهلەر، ئامانج لەم تاقیکردنەوەیەش، هەڵسەنگاندن و جوڵاندنی بیری بەشداربوان بوو بە شێوەی گروپ لەسەر ئەو وانانەی کە لەچوارچوەی خولی ڕاهێنانەکەدا پێشکەشکرابوون. هاوکات ڕاهێنان و پێدانی بەرچاوڕوونی زیاتر بوو بە بەشداربوانی خولەکە، لە چۆنێتی تێگەیشتن لە یاسا نێودەوڵەتیەکان و بەتایبەت یاسای تاوانی نێودەوڵەتی لە یەکلایکردنەوەی کەیسەکاندا.

کۆتا ڕۆژی خولی ڕاهێنانەکەش بەردەوامیدان بوو بە تاقیکاریە ئەزموونیەکان لەلایەن هەریەک لە کەیت گیبسۆن و ئانی ئۆرێلی. لەپاش نیوەڕۆی کۆتا ڕۆژیشدا، ئیڤلین ئانۆیا، پرۆفیسۆری یاریدەدەر لە کۆلێژی یاسای دیپاول. بابەتێکی بەناونیشانی جێبەجێکردنی یاسای تاوانی نێودەوڵەتی و ڕێکارەکانی لە هەرێمی کوردستاندا، بەڕەچاوکردنی گرنگیدان بە گروپە لاواز و پەراوێزخراوەکان لە ژێر ڕۆشنایی یاسای تاوانی نێودەوڵەتیدا پێشکەشکرد. خستنەڕووی ئەم بابەتە دەروازەیەکی گرنگ بوو بۆ گفتوگۆیەکی پڕمشتوومڕ لایەن بەشداربوانەوە.  هاوکات چەندین سەرنجی گرنگ و پڕبایەخ خرانەڕوو لەسەر ڕەوشی ئێستای جێبەجێکردنی یاسای تاوانی نێودەوڵەتی لەهەرێمی کوردستان و خستنەبەرباسی ئاستەنگە یاسایی و دەستوریەکان لە پرۆسەی بەناوخۆیکردنی یاسا نێودەوڵەتیەکاندا.