سەرتاوتار و شیکاری

ڕێبەرنامەی یاسای پێکدادانی چەکداریی تایبەت بە هێزی پێشمەرگەی کوردستان

ساڵ: 2023
داونلۆدی ڤێرژنی PDF

هێزی پێشمەرگەی کوردستان وەکوو هێزی بەرگری لە خاک و خەڵکی کوردستان لە قۆناغی شەڕی پارتیزانیی و باڵی سەربازیی بزووتنەوەیەکی رزگاریخوازەوە گۆرانکاری بەسەردا هاتووە و ئەمڕۆ لە چوارچێوەی وەزارەتێکی حکومەتی هەرێمی کوردستادا ئەرکی پاراستنی خاک و خەڵکی کورستانی پێسپێردراوە و لەم پێناوەشدا گیان لە سەر دەست قوربانیداوە و بە گژ هەموو دوژمنکاری و داگیرکارییەک بەرانبەر بە کوردستاندا چووەتەوە و ئێستا هێزێکی خاوەن دیسیپلین و بە ئەزموونە. سەرەڕای هەبوونی بەرنامە و وانەی جۆراوجۆری پەروەردە و خوێندنی لە ناوەندەکانی مەشق و راهێنانی پێشمەرگە و فێرگە سەربازییەکانیدا، بە مەبەستی بەرزکردنەوەی ئاستی وشیاری یاسایی ئەم هێزە و گەیاندنی بە پێوەر و ستانداردە یاساییە نیونەتەوەییەکان لە بواری یاسای پێکدادانی چەکداریدا، هەبوونی ریبەرنامەیەکی یاسای سەربازی زۆر پێویست بوو کە بخرێتە خزمەتی بواری پەروردەی یاسایی ئەم هێزەوە. بۆیە هەبوونی ئەم ریبەرنامەیە لە سەر بنەمای یاسای مرۆیی نێونەتەوەیی و یاسا بەرکارەکان لە ئێراق و هەرێمی کوردستاندا بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان و لایەنە پێوەندیدارەکان بە یاسای مرۆیی نێونەتەوەییەوە پێویستە و ناوەندی کوردستان بۆ یاسای نێودەوڵەتیی ئەم رێبەرنامەیە بۆ بواری پەروەردەی یاسایی لە سەر یاساکانی پێکدادنی چەکداری ئامادە دەکات.

بە مەبەستی ئامادەکردنی ئەم ڕێبەرە بۆ وەزارەتی پێشمەرگەی کوردستان، هاوکات لەگەڵ ئەوەی هەموو یاسا بەرکارەکانی بواری سەربازی و پێکدادانی چەکداریی لە هەرێمی کوردستان و ئێراقدا و گۆڕانکارییەکانی لە ساڵی ١٩٤٠ـەوە تا ساڵی ٢٠١٧ تاوتوێ کراوە و ئەو پەیماننامە نێودەوڵەتییانەی ئێراق تێیدا ئەندامە و بۆ ئێراق و هەرێمی کوردستان پابەندیهێنەرێن لەبەرچاوگیراوە. هاوکات لە گەڵ پۆلێک لە فەرماندە پلەباڵاکانی پێشمەرگە لە وەزارەت، لە ئاست و پێگە و فەرمانگە و بەڕێوبەرایەتی جیاوازدا چاوپێکەوتن و دیمانەی چڕ کراوە و هەموو ڕاوبۆچوون و سەرنجەکانی ئەوان لەمەڕ یاساکان و خاڵە بەهێز و لاوازەکان لە بواری پەروەردەی یاسایی و مەشقی تایبەت بە یاساکانی پێکدادانی چەکداریی لە دۆخ و ڕەوشە جیاوازەکاندا لە ڕێبەرەکەدا جێگای کراوەتەوە. بەشی مەشق و ڕاهێنان، کۆلێجەکانی ڕاهێنانی سەربازیی، فەرمانگەی یاسایی، دادگای سەربازیی و ئەمینداران و فەرماندە مەیدانییە پلەباڵاکانی پێشمەرگە و سەرجەم بەڕێزانی وەزارەتی پێشمەرگە لەم بوارەدا زۆر هاوکار و دڵسۆز و یارمەتیدەر بوون. بۆ خوێندنەوە و وردبوونەوە لە سەرچاوە یاساییەکاندا، هەموو ئەو یاسا ناوخۆیی و نێودەوڵەتییە پەیماننامەیی و باوانەی وا بۆ کوردستان و ئێراق پابەندیهێنەرن، کەڵکیان لێ وەرگیراوە. ڕێبەری یاسای سەربازی و یاساکانی پێکدادانی چەکداریی وڵاتانی دیکە و ڕێنماییەکانی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی خاچی سوور وەک بەرچاوڕوونیی بۆ نووسینەوەی ئەم ڕێبەرە سوودیان لێ وەرگیراوە.